مەهاباد؛ ئەفشین ئیبراهیمی پاش بانگکران بۆ ئیتلاعات دەسبەسەر کرا
07:02 - 21 رەزبەر 2725

ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤، هاووڵاتییەک بە ناوی "ئەفشین ئیبراهیمی" تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی ڕەسووڵ و خەڵکی مەهاباد، پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بانگی ئیتلاعاتی مەهاباد کراوە و پاش دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایل و ئێکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ناوبراودا گرتووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەفشین ئیبراهیمی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.