بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی موحسن و حوسێن گەردشی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

شەوی سێشەممه ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤، موحسن گەردشی و حوسێن گەردشی، دوو برای خەڵکی بوکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزران.
به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کاری حوسێن گەردشی لە یەکێک لە شەقامەکانی بۆکاندا ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی حوسێن هێرشان کردووەتە سەر ماڵەکەی و پاش پشکنینی ماڵەکەی و بێڕێزی بە ئەندامانی بنەماڵەکەی، کەلوپەلە کەسییەکانی ناوبراویشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هاوکات هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی موحسن گەردشی برای حوسێن و بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
موحسن و حوسێن گەردشی لە بەفرانباری ١٣٩٩شدا لە کاتی دەسبەسەرکرانی چالاکانی کورددا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
موحسن گەردشی پاش چەند کاتژمێر دەسبەسەرکران ئازاد کرا و حوسێن گەردشی ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپاوە لە ورمێ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا و ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپڵداروەکان دژی ئەم دوو برایە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.