شنۆ؛ بە دەسبەسەرکرانی کەیوان سەعیدی ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە گەیشتە چوار کەس لە ڕۆژێکدا

١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤؛ بە دەسبەسەرکرای کەیوان سەعیدی، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی شنۆ لە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤دا گەیشتە چوار کەس.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ کەیوان سەعیدی تەمەن ٢٤ ساڵ، کوڕی مەحیەدین و خەڵکی گوندی "سینگان" سەر بە شاری شنۆ بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
کوردپا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "میراوێ"ی شنۆ، بە ناوەکانی ڕێبوار مووسەوی تەمەن ١٦ ساڵ، زاهیر ئازەری تەمەن ١٦ ساڵ و فەخرەدین خالیدی تەمەن ٢٧ ساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.