بانە؛ ڕاگواستنی هوشیار شەعبانی پاش ٤٦ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بۆ بەندیخانەی بانە و داواکردنی بارمتەی ٣ میلیاردی لە بنەماڵەکەی

١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤؛ هوشیار شەعبانی چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسی، پاش ٤٦ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە، ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەیەک ڕەوانەی بەندیخانەی بانە کرا. ئێستا ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان بۆ ئازادکردنی کاتیی ناوبراو داوای بارمتەی قورسی ٣ میلیارد تمەنییان کردووە. هوشیار لە هەموو قۆناگەکانی دەسەسەکرانیدا لە مافی چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و تەنیا لە ڕۆژانی سەرەتای دەسبەسەرکردنیدا، پاش بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لە ناوەندە ئەمنییەتییەکان سنەدا، توانیی جارێک بۆ ماوەی چەند چرکە لەگەڵ بنەماڵەکەی بە تلفۆن قسە بکات. هەروەها لەو ماوەیەدا سەرەڕای بەداداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، بەرپرسانی ئەمنییەتی لە دانەوەی هەر چەشنە وڵامێک سەبارەت بە دۆخی ناوبراو، بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ برینداربوونی لە کاتی دەسبەسەرکردندا، خۆیان بواردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی ڕاگوێزرانی هوشیار شەعبانی بۆ بەندیخانەی بانە وتی؛ پاش ڕاگواستنی ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆ بەندیخانەی بانە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بەرپرسانی قەزایی و ئەمنییەتی بۆ ئازادیی کاتی هوشیار، داوای بارمتەی ٣ میلیارد تمەنییان لە بنەماڵەکەی کردووە.
١٩ی خەرمانانی ١٤٠٤، کوردپا ڕایگەیاند کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هوشیار شەعبانی کە لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا بە فیشەک بریندار کرابوو و ئومید ئەحمەدپوور، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بانە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.
تاکوو ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە ناڕوونن.
ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا چەند جار سەبارەت بەدۆخی جەستەیی و گیانیی هوشیار شەعبانی کە لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکان لە لاقی بریندار بووە و بە بێ هیچ پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی لە بەندیخانە ماوەتەوە، هۆشداریی دابوو.
هەروەها جەختی کردبووەوە کە بەردەوامی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، ناڕوونی دۆخ و ئەگەری کەڵکوەرگرتن لە بریندابوونەکەی بۆ گوشار خستنەسەری بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، پێشێلکردنی ئاشکرای ڕەوتی پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە، مافی دەرمان و قەدەغەی ئەشکەنجەیە.
دەسبەسەرکرانی هوشیار شەعبانی و ئومید ئەحمەدپوور؛
ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤، هوشیار شەعبانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و هاووڵاتیی خەڵکی بانە، بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کرایە ئامانج و پاش برینداربوون، بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لە درێژەی دەسبەسەرکرانی توندوتیژانە و تەقە لە لاقی هوشیار شەعبانی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنیی خەڵکی بانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، لاوێکی دیکەی خەڵکی ئەم شارە بە ناوی "ئومید ئەحمەدپوور"یش تەنیا بە هۆی ئەوەی کە هوشیار شەعبانی لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا ماشینی ئەوی پێ بووە، بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هوشیار شەعبانی، هاووڵاتیی خەڵکی بانە و بەندکراوی سیاسیی پیشوو، لە ماوەی سالانی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر گوشار، هەڕەشە و بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بووە. لە دەسبەسەکرانی بەردەوام و دۆسییەسازیی ئەمنییەتییەوە بگرە هەتا ئەشکەنجە، بێبەریکران لە مافی یاسایی، هێرشی بەردەوام بۆ سەر ماڵ و هەڕەشەی خزم و کەس، ژیانی ناوبراو لەگەڵ توندوتیژیی سیستماتیکی دەزگا ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بووە.
هەڕەشە و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر هوشیار شەعبانی لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا پێش لە دەسبەسەرکران؛
هوشیار شەعبانی لە سەرەتاکانی پووشپەڕی ١٤٠٤، لەژێر گوشاری زۆری ئەمنییەتیی هێزە ئەمنییەتییەکاندا بوو. لە چەند حاڵەتدا هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی خۆی، خزم و هاوڕێیانی تاکوو بتوانن دەسبەسەری بکەن.
لە یەکێک لەم حاڵەتانەدا، لە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا گرووپێکی ٢٠ کەسی هێرشیان کردە سەر ماڵی یەکێک لە خزمەکانی ، بەڵام هوشیار کەمێک پێشتر ئەو شوێنەی بەجێ هێشتبوو.
هێزە ئەمنییەتییەکان هەروەها پێوەندییان لەگەڵ خزمەکانی لە گونددا گرتووە و هەڕەشەیان لێ کردوون کە پێوەندییان لەگەڵ نەبێت و ئەگەر پێیان دەکرێ، ڕادەستی بکەن.
لە درێژەدا لە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بیانووگەلی یاسایی لە شاردا دەچنە ماڵەکەی. ئەم کردەوەیە پێشووتریش هەبووە؛ چونکە دوو ساڵ پێش ئێستاش بە بیانووی ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیدا گرت و دۆسییەیان بۆ کردەوە.
دۆسییەی ١٤٠٢؛ دۆسییەسازیی ئەمنییەتی، بانگکردن بۆ دادگا و هەڕەشە و گوشاری هیزە ئەمنییەتیەکان؛
هوشیار شەعبانی، کۆتاییەکانی خەزەڵوەری ١٤٠٢، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بانگی لقی یەکی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی بانە کرا. پێشتر هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕۆژی ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٢دا سەرەڕای هێرشی بۆ سەر ماڵی ناوبراو ناتوانن دەسبەسەری بکەن؛ بۆیە دۆسییەی بۆ ساز دەکەن.
لە ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٢، ٩ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان لەژێر ناوی کارمەندی ئیدارەی ئاو بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی هوشیار شەعبانی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و ماڵەکەیان پشکنیوە. هێزەکانی حکوومەت بە زۆر بەڵێننامەیان لە ئەندامانی بنەماڵەی هوشیار وەرگرتووە و داوای ڕادەستکردنی هوشیاریان کردووە.
دۆسییەی ١٤٠٠؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و لێپرسینەوە بۆ ماوەی ٨١ ڕۆژ، ئەشکەنجە و خوێنڕێژی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی بانە و مەحکوومکرانی بە بەندکران؛
ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٠، هۆشیار شەعبانی بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە سنە کرا.
ناوبراو لە نێوەڕاستەکانی خەزەڵوەری ١٤٠٠دا، بەهۆی خوێنبەربوونی گەدە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی ڕاگوێزرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەکردنەوە، فەرهاد شەعبانی تووشی خوێنبەربوونی گەدە بووە".
شەعبانی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی شاری بانە لەژێر چاوەدێریی ئەمنییەتیدا بوو و دووبارە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە ڕاگوێزرا.
لەو ماوەیەدا کە شەعبانی لە نەخۆشخانە بوو، هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنی چاوپێکەوتنیان بە بنەماڵەکەی نەدابوو.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، هوشیار شەعبانی، بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ئازاد کرا .
ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.
هوشیار شەعبانی لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقز لە شاری بانە و بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەکبەر میرزایی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و لە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بێتاوان ناسرا. دادگا جێبەجکرانی ٨ مانگ لە سزای بەندکراوی ناوبراوی بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵپەسارد و بڕیاری هەڵپەساردنی جێبەجێکردنی ٨ مانگ لە سزاکەی لەژێر چاوەدێریدا دەر کرد و ڕایگەیاند کە شەعبانی دەبێ بەردەوام لە ماوەی هەڵپەساردنەکەدا خۆی بە ئیتلاعاتی بانە بناسێنێ.
لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا ناوبراو بە مەبەستی جیبەجێکرانی سزاکەی دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی بەندیخانەی بانە کرا.
پێشینەی باقی دەسبەسەکرانەکان و گواشارەکان ( ١٣٩٦ هەتا ١٣٩٨)؛
هوشیار شەعبانی لە ماوەی ساڵانی ٩٦، ٩٧ و ٩٨یش بە هۆی چالاکییە مەدەنییەکانی لەوانە کەمپەینی پشتیوانی لە کۆڵبەران و مانگرتنی بازاڕی و کاسبکاران، دەسبەسەر کرا.
ناوبراو یەکەمین جار ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٨ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هەتا ماوەیەک چارەنووسی ناوبراو ناڕوون بوو و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی وڵامێکی نەبوو.
هوشیار شەعبانی کوڕی محەممەد، تەمەنی ٣١ ساڵە و خەڵکی بانەیە. ناوبراو وەکوو چالاکی مەدەنی لە کەمپەینەکانی پشتیوانی لە کۆڵبەران و مانگرتنی بازاڕییان بەشداریی هەبووە و بەم هۆیەوە چەندین جار دەسبەسەر کراوە و ئەشکەنجە دراوە و بەند کراوە.