مەریوان؛ دەسبەسەرکرانی حەسەن مێهرابی لە یەکێک لە مەیدانەکانی شاردا پاش بانگکرانی بۆ فەرمانداری بە بیانووی کاروباری یارانە

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤، حەسەن مێهرابی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵی خەڵکی گوندی "نێ"ی مەریوان، بە بیانووی پێڕاگەیشتن بە کاروباری یارانەکەی لەلایەن فەرماندارییەوە بانگ کرا، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەتییە لیباس شەخسییەکانەوە لە یەکێک لە مەیدانەکانی شاردا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند؛ هێزە لیباس شەخسییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی یان ڕوونکردنەوەی فەرمی، حەسەن مێهرابییان دەسبەسەر کردووە و لە هەمان کاتدا، بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.
سەرەڕای تێپەربوونی زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لەم دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەیە، هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی حەسەن مێهرابی لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان تاکوو ئێستا هیچ هۆکارێکیان بۆ دەسبەسەرکرانی ناوبراو ڕانەگەیاندووە.