سنە؛ قانع خاتری، بەندکراوی سیاسیی کورد لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا

05:02 - 9 رەزبەر 2725

٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤؛ ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤، قانع خاتری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سنە کە پێشتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو، لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکەی و پاش تێپەڕاندنی ٨٥ ڕۆژ بەندکران، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

کوردپا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤، قانع خاتری چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ئەم چالاکە مەدەنییە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفا عەزیزی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە هەشت مانگ بەندکران سزا درابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، قانع خاتری بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، قانع خاتری، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ش، قانع خاتری بانگی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشینەی دەسبەسەرکران و سزادرانی هەیە.