ژنکوژی؛ کوشتنی سورەیا عەلیمحەممەدی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کە پێشینەی خووگری، توندوتیژیی خێزانی هەبووە

ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانانیی ١٤٠٤، "سورەیا عەلیمحەممەدی" ژنی تەمەن ٣٥ ساڵی دانیشتووی گەڕەکی بەهارستانی سەقز، کە ساڵانێکە تووشی توندوتیژیی بنەماڵەیی، کێشەی زۆر و خووگریی هاوسەرەکەی بە شیشە بووە، دوابەدوای دەمەقاڵەیەک لەلایەن "ئەفشین شەریفی" هاوسەرە ٤٠ ساڵەکەیەوە، بە چەقۆ بریندار کرابوو و دواتر لە پارکینگی ماڵەکەی خۆیدا بە ڕشتنی بەنزین بە سەر جەستەیدا ئاگری تێبەردراوە و گیانی خۆی لەدەست داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سورەیا عەلیمحەممەدی کە قوربانیی ساڵانێک توندوتیژیی خێزانی، خووگریی هاوسەرەکەی بە مادددەی هۆشبەر (شیشە) و کێشمەکیشی بەردەوامی خێزانی بووە، دوو ڕۆژ پێش لە کوژرانی بە هۆی ئەم کێشە و توندوتیژییانە، ماڵەکەی بەجێ هێشتووە و گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی، بەڵام لە دۆخێکی خراپ و لەژێر گوشاری باوکیدا، ناچار بە گەڕانەوە بۆ ماڵی هاوسەرەکەی بووە.
لە ڕۆژی کوژرانی سورەیادا، لە نێوان ئەم ژنە و هاوسەرەکەیدا دەمەقاڵەیەک ڕوو دەدا، "ئەفشین شەریفی" سەرەتا بە لێدانی چەند چەقۆ لە سەر و جەستەی هاوسەرەکەی بێهۆشی کردووە. دواتریش دەست و لاقی هاوسەرەکەی بەستووە و پاش ڕاگواستنی جەستەی نیوەگیانی ناوبراو بۆ پارکینگی ماڵەکەی و ڕشتنی بەنزین پێیدا، ئاگری تێ بەر داوە.
لە درێژەدا جیرانەکانیان بە بینینی دووکەڵ و هاواری ئەم ژنە، ئەیگوازنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بەڵام بە هۆی سەختی برینەکانییەوە بە هۆی سووتانی جەستەی، گیانی لەدەست داوە.
ئەفشین شەریفی، تۆمەتبار بە کوشتنی سورەیا عەلیمحەممەدی، کەمتر لە کاتژمێرێک دوای ئەنجامدانی ئەم جینایەتە، لەلایەن پۆلیسەوە ناسراوە و دەسبەسەر کراوە.
"ئەفشین شەریفی" خەڵکی گوندی "کارێزە" سەر بە شاری سەقز، پێشینەی خووگری بە ماددەی هۆشبەر و ئاکاری توندوتیژانەی لە ماڵەوە هەبووە.
"سورەیا عەلیمحەممەدی" و "ئەفشین شەریفی" منداڵێکیان هەیە.