رێبین گۆرانی، پارێزەری خۆبەخشی ژینگە، پاش ١١ ڕۆژ مانەوە لە کۆما بە هۆی ئاگری دارستانەکانی مەریوان گیانی لە دەست دا

ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤، "ڕێبین گۆرانی"، لاوی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی گوندی "ساوا" سەر بە شاری مەریوان و لە پارێزەرانی خۆبەخشی ژینگە، پاش ١١ ڕۆژ مانەوە لە کۆما بە هۆی سەختی برینەکانیەوە بە هۆی هەڵمژینی دووکەڵی ئاگری دارستانەکانی "هەنجیران"ی مەریوان، لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە گیانی لەدەست دا.
پێشتر ئەنجومەنی سەوز چیا لەمبارەوە نووسیبووی: ڕێبین گۆرانی بە مەبەستی پاراستنی سروشت و دارستانەکانی زێدەکەی، بە شەودا خۆی گەیاندە شوێنی ئاگرەکە، بەڵام لە هەمان کاتژمێرەکانی سەرەتادا تووشی سەرسووڕان و کێشەی هەناسە بوو. ناوبراو پاش گەڕانەوە بۆ گوند و سەردانی نەخۆشخانەی مەریوان لە دوو ڕۆژی یەکەمدا سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی لە نەخۆشخانەدا ناخەوێندرێ و تەنیا ڕۆژی سێهەم، پاش چەند جار ڕشانەوەی توند و خراپیی دۆخی جەستەی دەخەوێندرێ و چارەسەری پزیشکیی بۆ دەکرێت. بەم حاڵەوە ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٤، دۆخی گشتیی ناوبراو خراپتر دەبێ و نیشانەکانی ژیانی تێک دەچن و لە کۆتاییدا دەچێتە کۆماوە. دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە دەکرێت و بەپێی ئاخرین ڕاپۆرتەکان هێشتا لە بەشی چاوەدێریی تایبەتدا لە کۆمادایە.
ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی سەوز چیا پاش ئاگاداربوونەوە لەم ڕووداوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی گۆرانی لە نەخۆشخانە، لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ ڕەوتی چارەسەری ڕێبین کردووە و ڕایگەیاندووە کە لە هەموو قۆناغەکاندا لەگەڵ بنەماڵەکەی دەبێت. ئەم ئەنجومەنە لە بەیاننامەیەکدا وێڕای دەستخۆشی لە فیداکاریی چالاکانی بواری ژینگە، داوای لە خەڵک کرد کە بە بێ هاواهەنگی لەگەڵ ئەنجومەن نەچنە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان و لە ئەگەری ڕوودانی هەر چەشنە ڕووداوێکدا، دەسبەجێ بابەتەکەیان پێ ڕابگەیێنن تا پێداویستییەکان بۆ پشتیوانی و هاوکاری لە ڕەوتی چارەسەری و بەدواداچوونەکان دابین بکرێ.
ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە مەترسییە جیدییەکانی ئاگرکەوتنەوە بەربڵاوەکان لە دارستانەکانی کوردستان و ئاسەوارەکانی بۆ پارێزەرانی ژینگە و هاووڵاتییانی بەرجەستە کردەوە. وەدرەنگ خستنی خەواندنی ناوبراو لە نەخۆشخانە، تەنانەت پاش دەرکەوتنی نیشانەی بەهێز و دیار، نموونەیەک لە گرینگینەدانی ناوەندە بەرپرسەکان بە گیانی چالاکە خەڵکییەکانە کە بە بێ پشتیوانیی فەرمی، لە بەرەی پێشەوەی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کارەساتە ژینگەییەکاندان.
بە مەرگی ڕێبین گۆرانی، پرسیاری جیددی سەبارەت بە بەرپرسایەتیی ناوەندە حکوومەتییەکان لە بەڕێوەبەریی قەیرانە ژینگەییەکان، دابینکردنی ئیمکانات بۆ چالاکانی خۆجێیی و پێڕاگەیشتنی خێرا و کاریگەر بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوانە دێتە ئاراوە. بێدەنگی یان پاسیڤبوون لە بەرانبەر ئەم جۆرە کارەساتانە نە تەنیا پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤە، بەڵکوو نیشانەیەک لە گرینگینەدانی سیستماتیکی گیان و کەرامەتی چالاکانی بواری ژینگە و دانیشتووانی ناوچە پڕمەترسییەکانە.