شەهرام حاتەمی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا

18:12 - 10 خەرمانان 2725

ڕۆژی شەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٤، شەهرام حاتەمی، هاووڵاتیی خەڵكی ورمێ بە مەبەستی جێبەجکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣دا لە ماڵەکەی خۆی، لەلایەن هێزە ئەەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش پشکنینی ماڵەکەی، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایل و لەپتابەکەیدا گرت.

شەهرام حاتەمی پاش سێ ڕۆژ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام، پەرەدان و پڕوپاگەندەی بێ حیجابی، هاوکاری لەگەڵ میدیا دژبەرەکان و بێڕێزی بە قەومەکان" بانگی لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادگای گشتی و ئینقلابی ورمێ کرا و تۆمەتەکانی بۆ ڕوون کرانەوە.

شەهرام حاتەمی لە ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤دا لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو، دوو ساڵ بێبەریکران لە چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەستداگرتن بەسەر مۆبایلەکەیدا وەک کەرەستەی ئەنجامدانی تاوان مەحکووم کرا و لە ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا ئەم حوکمە لە لقی ٢٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێدا بۆ شەش مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران کەم کرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٤ی خەرمانانی ١٤٠٤دا بەڵگەی بانگکران و جێبەجێکرانی سزای بەندکرانی لەلایەن لقی ٩ی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای ئینقلابی ورمێوە پێ گەیشتووە و ڕۆژی شەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٤ بۆ جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کراوە.