بۆکان؛ بانگکردن و دەستداگرتن بەسەر مۆبایلی ئەیووب ڕەحمانی لەلایەن ئیدارەی ئەماکن و بڵاوکردنەوەی بابەتی حکوومەتی لە ئینستاگرامەکەیدا

ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤، ئەیووب ڕەحمانی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی برایم ئابادی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، پاش بانگکران و لێپرسینەوە لەلایەن ئیدارەی ئەماکنی میاندواوەوە، دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە و هەژماری ئینستاگرامەکەی کەڵکئاوەژووی لێ وەرگیراوە. هێزە ئەمنییەتییەکان دواتر بە کەڵکوەرگرتن لەم هەژماری ئینستاگرامە، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی وێنە و نووسراوەی سووکانە دژی ڕێبەرانی کورد یان نووسراوە بۆ پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەیووب ڕەحمانی کوڕی ڕەحمان خەڵکی گوندی برام ئابادی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، ئەمڕۆ ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤، بە بێ بەڵگەی یاسایی بانگی ئەماکنی میاندواو کراوە و پاش بێڕێزیی زۆر لەلایەن بەرپرسی ئەم ناوەندە بەناوی "ڕەحیمی" ئازاد کراوە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە. پاش دەستڕاگەیشتنی هێزە ئەمنییەتییەکان بە هەژماری ئینستاگرامی ناوبراو، بابەتی سووکانە لەم هەژمارەدا بڵاو کراوەتەوە بە جۆرێک کە وا نیشان بدرێت کە ناوبراو لە کەسانی سەر بە حکوومەتە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: هەرچەند ئەیووب ڕەحمانی پاش چەند کاتژمێر ئازاد کراوە بەڵام مۆبایلەکەی لەلای هێزە ئەمنییەتییەکان ماوەتەوە .
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران، دەستداگرتن بەسەر مۆبایل و کەڵکئاوەژوو وەرگرتن لێی نەدراوە و هیچ بەڵگەیەکی یاساییش نیشانی ناوبراو نەدراوە.