مەریوان؛ محەممەد پەروازە پاش ٦٧ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤، محەممەد پەروازە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان، پاش ٦٧ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤، ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەوە بۆ بەندیخانەی مەریوان ڕاگوێزرا.
ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ڕۆژی چوارشەممە یەکی گەلاوێژی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە سێڕێیانی گوندی "نێ" دەسبەسەر کرد.
ئەم هاووڵاتییە خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە. محەممەد پەروازە پێشینەی دەسبەسەر کران و سزادرانیشی هەیە.
هەتا کاتی بڵاوبووەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی محەممەد پەروازە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.