مەریوان؛ محەممەد هووشمەند، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە لە کۆبوونەوەیەکی یەک خولەکیدا بە بێ بەرگری، بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا

٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤؛ محەممەد هووشمەند هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "دەرەتفێ" سەر بە شاری مەریوان، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە دەستە یان گرووپە دژبەرەکانی وڵات" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤، لە ڕاگەیەندراوێکی دادگادا، محەممەد هووشمەند، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە دەستە یان گرووپەکانی دژبەری وڵات" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا. کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ناوبراو پێشتر لە ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٤دا لە دادگایەکی یەک خولەکیدا و بە بێ هیچ بەرگرییەک بەڕێوە چووبوو.
سەرچاوەکەی کوردپا دەڵێ؛ محەممەد هووشمەند پێشتر پاش ٣٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە گرتنگەی شارامفەری سنە، لە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
پێشتر کوردپا ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٤، محەممەد هووشمەند، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "دەرەتفێ" سەر بە شاری مەریوان، بە شێوەی توندوتیژانە و دوابەدوای هێرش بۆ سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراوە و بۆ گرتنگەی شارامفەری سنە ڕاگوێزراوە.
محەممەد هووشمەند، لە ٣٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی لە گرتنگەی شارامفەری سنە، لە مافی پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو و ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی محەممەد هووشمەند هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەدابوو.
محەممەد هووشمەند پێشتر دێهیاری گوندی "دەرەتفێ" سەر بە شاری مەریوان بووە. ناوبراو چەندین جار بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.