مەهاباد؛ ناسێح لاهیجانی لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران مەحکووم کرا

٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، "ناسێح لاهیجانی" کوڕی هەمزە، خەڵکی گوندی "هەمزاوا"ی پیرانشار، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ناسێح لاهیجانی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ١٠ ساڵ و یەک مانگ بەندکران مەحکووم کراوە.
ناسێح لاهیجانی پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و نزیکەی پێنج مانگ پێش گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و لە شاری سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
ئەم لاوە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کراوە و ئێستا لەم بەندیخانەیەدا ماوەی سزاکەی تێپەڕ دەکات.
ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی ئازادیی کاتی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.