نەغەدە؛ فەرهاد کەریمی بە شەش مانگ بەندکران مەحکووم کرا

16:36 - 4 رەزبەر 2725

فەرهاد کەریمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی نەغەدە لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە شەش مانگ بەندکران سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم هاووڵاتییەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە و بڕیارە لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی خۆی بە بەندیخانەی نەغەدە بناسێنێ.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٤، فەرهاد کەریمی پاش ٤٩ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ورمێ و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرابوو. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، فەرهاد کەریمی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.