بەندیخانەی ورمێ؛ ٨٧ ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووسی کاوە ڕەحیمی، پاش دەسبەسەرکرانی توندوتیژانە بە بێ مافی ئازادیی کاتی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر

16:30 - 4 رەزبەر 2725

٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨٧ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی کاوە ڕەحیمی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی بۆکان و ماوەیەکی زۆر لێپرسینەوە لە ناوبراو لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، ناوبراو لە ئێستادا  چارەنووسی ناڕوونە و بە بێ دەستڕاگەیشتن بە مافی ئازادیی کاتی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

کوردپا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کاتژمێر ٣ی نیوەشەو، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی ورمێ، بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی "کاوە ڕەحیمی"، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی بۆکان و وێڕای شکاندنی دەرکی ماڵەکەی، بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەریان کرد و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی وڕمێیان ڕاگواست.

زیاتر لە یەک مانگ چارەنووسی نابراو بەتەواوەتی ناڕوون بوو و لە مافی هەر چەشنە پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەری کرابوو و ناوەندە ئەمنییەتییەکان سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکە لە دانەوەی هەر چەشنە وڵامێک خۆیان بواردبوو.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.