ورمێ؛ ئایهان ئیبراهیمی لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا بە مەودای هەزار میتر لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا

16:08 - 4 رەزبەر 2725

ڕۆژی سێشەممە یەکی ڕەزبەری ١٤٠٤، ئایهان ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ورمێ، پاش تێپەڕاندنی ٨٥ ڕۆژ بەندکران لە ماوەی سزا یەک ساڵەکەی، لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئایهان باقی ماوەی سزاکەی خۆی لە دەرەوەی بەندیخانە و لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا بە مەودای یەک هەزار میتر تێدەپەڕێنێ.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئایهان ئیبراهیمی هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا. ئەم هاووڵاتییە پاش ڕەتکرانەوەی حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵات، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شاهینی" بە یەک ساڵ بەندکران سزا درابوو.

سزای بەندکرانی ئایهان ئیبراهیمی لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە و دۆسییەکەی سەرلەنوێ بە مەبەستی پێڕاگەیشتن ڕادەستی لقی هاوتەریب لە دادگای ئینقلابی ورمێ کرابوو.

سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەی ١٤٠٣، ئایهان ئیبراهیمی لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەرەکان "بەرزکار" و "نەجەفزادە" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە شەش ساڵ بەندکران بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکوم کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣دا بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە نێردرایە گرتنەی ئیتلاعاتی ورمێ.

ئەم هاووڵاتییە پاش ١٠ ڕۆژ لە لێپرسینەوە و کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا و لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئایهان ئیبراهیمی تەمەن ٢٩ ساڵ، خوێندکاری پەرستاری لە زانکۆی زانستی پزیشکیی گیلانە.