بۆکان؛ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی فەرزاد بەرجستە و دەستداگرتن بەسەر مۆبایلەکەی و بڵاوکردنەوەی بابەتی حکوومەتی لە ئینستاگرامەکەی

11:24 - 1 رەزبەر 2725

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٤، فەرزاد بەرجستە، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، پاش چەند کاتژمێر دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە و هەژماری ئینستاگرامەکەی کەڵکئاوەژووی لێ وەرگیراوە. هێزە ئەمنییەتییەکان دواتر بە کەڵکوەرگرتن لەم هەژماری ئینستاگرامە، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی وێنە و نووسراوەی سووکانە دژی ڕێبەرانی کورد یان نووسراوە بۆ پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، فەرزاد بەرجستە ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٤ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان ڕاگوێزراوە. ناوبراو ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کراوە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە . پاش دەستڕاگەیشتنی هێزە ئەمنییەتییەکان بە هەژماری ئینستاگرامی ناوبراو، بابەتی سووکانە لەم هەژمارەدا بڵاو کراوەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: هەرچەند فەرزاد بەرجستە دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ئازاد کراوە بەڵام مۆبایلەکەی لەلای هێزە ئەمنییەتییەکان ماوەتەوە و ئەوان هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، درێژەیان بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی سووکانە لە ئینستاگرامەکەی کردووە.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران، دەستداگرتن بەسەر مۆبایل و کەڵکئاوەژوو وەرگرتن لێی نەدراوە و هیچ بەڵگەیەکی یاساییش نیشانی ناوبراو نەدراوە.