مەهاباد؛ سرووش یووسفزادە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا

00:59 - 1 رەزبەر 2725

٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٤؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەک بە ناوی " سرووش یووسفزادە " لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سیامی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە و ڕاگەیاندنی ئەم سزایە بە سرووش یووسفزادە لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤دا، ڕایگەیاند کە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ پاش ٢٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی یەک میلیاردی و بە شێوەی کاتی هەتا بەڕێوەچوونی دادگا، ئازاد کراوە.

پێشتر کوردپا ڕایگەیاندبوو کە کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، سرووش یووسف‌زاده بە بێ بەڵگەی یاسایی و دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

لەم دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەیەدا هێزە ئەمنییەتییەکان جگە لە دەستداگرتن بەسەر کەلوپەلی کەسیی سرووش یووسف‌زادەدا، دەستیان بەسەر مۆبایلی باوک و براکەشیدا گرتووە.