سنە؛ گالێریی زێڕی "کوردۆ" بە بیانووی بێ حیجابی لەلایەن ئەماکنەوە پلۆمپ کرا

00:45 - 1 رەزبەر 2725

ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٤، گالێریی زیڕی "کوردۆ" هەڵکەوتوو لە شەقامی "ئەدەب"ی سنە، بە بیانووی بێ حیجابی لەلایەن ئەماکنەوە پلۆمپ کرا.

لاپەڕەی ئینستاگرامی ئەم گالێرییە بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە نووسی: "بەو ئاسانییە و بە بیانووگەلی سادە و بەهۆی بێ حیجابییەوە پلۆمپیان کرد." ئەم لاپەڕەیە لە درێژەدا نووسیویەتی: "پلۆمپی ئەم گالێرییە تەنیا بەستنی دووکانێک نییە، برسیکردنی زیاتر لە ١٥بنەماڵەیە."

لە بەڵگەی پلۆمپی ئەم گالێرییەدا نووسراوە: "ئەم یەکە سێنفییە بەپێی بڕگەی ٢٧ی یاسای نیزامی سێنفی پلۆمپ کراوە و بە پشتبەستن بە تێبینی ٢ی بڕگەی ٢٧ی یاسا کەسانێک کە پلۆمپ یان لاک و مۆری شوێنە داخراوەکە بشکێنن یان لەو شوێنانە بۆ کاسبی کەڵک وەربگرن بەپێی یاسای سزای ئیسلامی، سزا دەدرێن.

ئیدارەی چاوەدێری بەسەر شوێنە گشتییەکانی فەرماندەیی ئینتیزامیی پارێزگای سنە"

پلۆمپی ئەم گالێرییە لەکاتێکدایە کە لە یاسای نیزامی سێنفیدا هیچ بڕگەیەک ئاماژەی بە بێ حیجابی بۆ پلۆمپی دووکانێک نەکردووە و بەپێی بڕگەی ٢٧، سەندیکاکان یان ئیدارە پێوەندیدارەکان دەتوانن لە ئەگەری سەرپێچیی یەکەیەکی سێنفی (بۆ نموونە نەبوونی مۆڵەتی کار، سەرپێچیی تەندروستی یان حاڵەتی هاوشێوە) بڕیاری داخستن و پلۆمپی ئەو یەکەیە بدەن.