ژمارەی دەسبەسەرکراوانی شنۆ گەیشتە ٤ کەس؛ موحسن دەهاری تەمەن ٢٤ ساڵ و زانیار شادیخای تەمەن ١٧ ساڵ دەسبەسەر کران

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٤، مێرمنداڵیکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی "زانیار شادیخا" کوڕی حامید و "موحسن دەهار" تەمەن ٢٤ و کوڕی سلێمان، خەڵکی گوندی "سینگان" سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردوون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستوون.
پێشتر کوردپا بڵاوی کردبوویەوە کە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤، دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوەکانی "دیار گەرگول" و "ئالان تابناک" خەڵکی گوندی "سینگان" سەر بە شاری شنۆ دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.