دەسبەسەرکرانی ٤ هاووڵاتی لە بۆکان؛ دۆسییەسازی دژی دوو برا و ناڕوونیی چارەنووسی ڕەشید نەسروڵڵاهی و ئیبراهیم خودکامە پاش تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ

۲۲ی خەرمانانی ۱۴۰۴؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چوار هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "ڕەشید نەسروڵڵاهی"، "عەلی ڕەشیدی" و "ئەبوبەکر ڕەشیدی" و "ئیبراهیم خودکامە" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران. عەلی و ئەبووبەکر ڕەشیدی هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام سەبارەت بە چارەنووسی ڕەشید نەسروڵڵاهی و ئیبراهیم خودکامە سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ هێشتا هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و دەسبەسەریان کردن. عەلی و ئەبووبەکر ڕەشیدی کە برای یەکن، هەمان ڕۆژ بە بێ ڕاگوێزران بۆ گرتنگە، نێردرانە دادگا و پاش کردنەوەی دۆسییە بۆیان، هەر کامەیان بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کران. بەڵام ڕەشید نەسروڵڵاهی و ئیبراهیم خودکامە بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون و سەرەڕای تێپەڕبوونی شەس ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانیان، هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.
ئەم دوو هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە مافی پێوەندیی تلفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و دۆسییەسازی دژی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.