بۆکان؛ حەسەن مەردانی و لوقمان پیشیار لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکەیان لە بەندیخانە ئازاد کران

17:43 - 23 خەرمانان 2725

ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٤، "حەسەن مەردانی" تەمەن ٦٧ ساڵ و "لوقمان پیشیار" تەمەن ٦٠ ساڵ، دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان، لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کران. ئەم دوو کەسە پێشتر هەر کام بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان بە سێ ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرابوون. ئەوان هەروەها ٥٦ ڕۆژیان لە گرتنگەی ئەمنییەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە بێ مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، لەژێر لێپرسینەوە و دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەدا تێپەڕاند.

لە ماوەی ئەم ٥٦ ڕۆژەدا، هیچکەس زانیارییەکی لە شوێنی ڕاگیرانیان نەبووە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام، ناوەندە ئەمنییەتییەکان وڵامێکیان لەمبارەوە نەداوەتەوە. هەروەها لە ١٩ مانگ و ١٣ ڕۆژ ماوەی سزاکەیاندا، هیچ مافێکی مورەخەسییان پێ نەدراوە. "حەسەن مەردانی" کە نەخۆشیی دڵ و پرۆستاتی هەیە سەرەڕای داواکاریی بەردەوام بۆ وەرگرتنی مورەخەسیی دەرمانی، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لەم مافە بێبەری کرا.

ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە بە کوردپا گەیشتوون ساتی ئازادکرانی "حەسەن مەردانی" و و پێشوازیی بنەماڵەکەی لە گەڕانەوەی نیشان دەدەن.

٥٦ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "حەسەن مەردانی" و "لوقمان پیشیار" و سزادرانیان بە سێ ساڵ بەندکران؛

شەوی پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "لوقمان پیشیار" و "حەسەن مەردانی"، خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢، کوردپا باسی لە ناڕوونیی چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم دوو کەسە پاش تێپەڕبوونی ٥٥ ڕۆژ لە دەسبەەرکرانیان کرد. کوردپا نووسیبووی: ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، تەنیا دوو جار پیوەندیی کورتی تلفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە و هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان پێ نەداون کە سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانیان، زانیارییەک بە بنەماڵەکانیان بدەن.

دواتر لە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا، ئەم دوو هاووڵاتییە پاش ٥٦ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزران.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢، ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کران.

لە مانگی سەرماوەزی١٤٠٢دا، ئەو دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە، هەر کامیان بە ٣ ساڵ بەندکران مەحکووم کران.

لە کۆتاییدا ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، "حەسەن مەردانی و لوقمان پیشیار"، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان، بۆ بەندیخانەی ئەو شارە، ڕاگوێزران.

١٠ی خەرمانانی ١٤٠٣دا کوردپا ڕایگەیاند لە "حەسەن مەردانی" بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ماوەی سزاکەی تێدەپەڕێنێ، سەرەڕای پێویستی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە مافی وەرگرتنی مورەخەسیی دەرمانی بێبەری کراوە. ناوبراو نەخۆشیی دڵ و پرۆستاتی هەیە و لە دۆخێکی نالەباردا بوو بەڵام ئیتلاعاتی بۆکان دژایەتیی پێدانی مورەخەسیی دەرمانی بەم بەندکراوە سیاسییەی کرد.