کامێران؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی چوار مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ، کاوان و ئێحسان سەبووری، بێهرووز ڕەشیدی و ئەوراز زەمانی

٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان لە کامێران، سێ هاووڵاتیی کوردی دیکە لەوانە دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوەکانی کاوان سەبووری، ئێحسان سەبووری و حیسام سەبوری، بەشێوەی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. هەروەها شەش ڕۆژ پێش ئێستاش دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوەکانی "بێهرووز ڕەشیدی" و "ئەوراز زەمانی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٤، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "گازرخانی" سەر بە شاری کامێران بە ناوەکانی "کاوان سەبووری" تەمەن ١٧ ساڵ، "ئێحسان سەبووری" تەمەن ١٧ ساڵ و "حیسام سەبووری" تەمەن ٢٨ ساڵ، دوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان بە شێوەی توندوتیژانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران. ئەم سەرچاوەیە دەڵێ حیسام سەبووری پاش چەند کاتژمێر ئازاد کراوە بەڵام کاوان و ئێحسان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
پێشتر کوردپا ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٤، "بێهرووز ڕەشیدی" خەڵکی گوندی "پاڵنگان" سەر بە شاری کامێران و "ئەوراز زەمانی" خەڵکی کامێران، دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ پاش هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزران. ئەم دوو مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵە لە ماوەی چوار ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیاندا تەنیا یەک پێوەندیی چەند چرکەیی تلفۆنی بە زمانی فارسییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە کە ئاماژەیان کردووە "باشین".
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم چوار مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵە زانیارییەک دەست نەکەوتووە و هێزە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەوە نەداوە.
پێویستە بوترێ کە سەبارەت بە چارەنووسی ئەم ٤ مێرمنداڵە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هەموویان لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.