ورمێ؛ شاهین وەساف پاش هەڵوەشانەوەی سزای سێدارە لە دیوانی باڵای وڵات بە ١٠ ساڵ بەندکران سزا درا

17:28 - 23 خەرمانان 2725

شاهین وەساف، هاووڵاتیی خەڵكی سەڵماس و دانیشتووی ورمێ پاش هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانەکەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە و ڕادەستکردنی دۆسییەکەی بۆ لقی هاوتەریب بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە ١٠ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە گەلاوێژی ١٤٠٤دا، کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ئەم بەدکراوە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ و بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شاهینی" بەڕێوە چوو و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ناوبراو بانگی نووسینگەی جێبەجێکاری سزاکانی بەندیخانە کرا و سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی پێ ڕاگەیەندرا.

شاهین وەساف، پاش یەک ساڵ دەسبەسەرکران لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە، بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"، بە لەسێدارەدران سزا درا و بڕیاری دادگای سەرەتایی لە ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ئەمساڵدا و لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بەم هاووڵاتییە تەمەن ٢٧ ساڵەیە ڕاگەیەندرا.

پاش ڕادەستکردنی دۆسییەی شاهین وەساف بۆ دیوانی باڵای وڵات، سزای لەسێدارەدانی ناوبراو هەڵوەشایەوە و دۆسییەکەی بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی لقی هاتەریب کرا.

شاهین وەساف ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "ناسر وەساف"، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران.

ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ ماوەی چەند مانگ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و لەئەستۆگرتنی تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بوون.

ئەم دوو هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزران و ناسر وەساف دوای زیاتر لە یەک ساڵ لە بەندیخانە ئازاد کرا.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە، بە بێ هەبوونی پارێزەر لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو.