ورمێ؛ ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کورد بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بۆ جاری دووهەم سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شاهینی" بۆ جاری دووهەم، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، گەلاوێژی ١٤٠٤، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بەڕێوە چووە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەم بڕیارە لە بەندیخانەی ورمێ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا، سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە کوردە لە قۆناغی کۆتایی داواکاریدا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە و بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی لقی هاوتەریب کرا.
لە خەزەڵوەری ١٤٠٣دا، ناسر بەکرزادەی تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درا.
کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ناسر بەکرزادە لە ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا لە دادگای ورمێ بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درابوو.
ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٢٥ ساڵە، لە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند حەفتە لێپرسینەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی ورمێ، لە ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢دا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە پادگانی ئەلمەهدیی سپای ورمێوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.