کامێران؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵە، بێهرووز ڕەشیدی و ئەوراز زەمانی پاش ٤ ڕۆژ

23:47 - 21 خەرمانان 2725

۲۰ی خەرمانانی ١٤٠٤؛ دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی کامێران بە ناوەکانی "بێهرووز ڕەشیدی" و "ئەوراز زەمانی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی کامێرانەوە و ڕاگواستنیان بۆ ئیتلاعاتی سنە، سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٤، "بێهرووز ڕەشیدی" خەڵکی گوندی "پاڵنگان" سەر بە شاری کامێران و "ئەوراز زەمانی" خەڵکی کامێران، دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ پاش هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزران.

ئەم دوو مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵە لە ماوەی چوار ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیاندا تەنیا یەک پێوەندیی چەند چرکەیی تلفۆنی بە زمانی فارسییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە کە ئاماژەیان کردووە "باشین".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم دوو مێرمنداڵە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە هیچیان نەوتووە.

دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەم دوو مێرمنداڵە، نیشانەی ئاشکرای پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە. ئەوان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون. ئەم هەوڵە دژی یاسای بنەڕەتیی ئێران، پەیمانە نێونەتەوەکانی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و کۆنوانسیۆنی مافی منداڵانە.

بێبەریکران لە پێوەندیی لەگەڵ بنەماڵە، لەبەرچاونەگرتنی دادگایی دادپەروەرانە و ناڕوونیی چارەنووسی ئەم مێرمنداڵانە، نیشانەی ئاشکرای دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و تەنانەت بێشەروشوێنکردنی زۆرەملێیە.

کۆماری ئیسلامی ئەرکدارە بەوەی کە دەستبەجێ کۆتایی بەم دۆخە بێنێت و مافە یاسایی و مرۆییەکانی ئەم دوو مێرمنداڵە دابین بکات.