بۆکان؛ بەفرین مەعرووفی، بەندکراوی سیاسیی کورد لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا

03:58 - 20 خەرمانان 2725

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤، بەفرین مەعرووفی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان و بەندکراو لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، پاش تێپەڕاندنی ١٠٩ ڕۆژ سزای داسەپاو و لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکە ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووتێژێکدا لەگەڵ کوردپا ئازادیی بەفرین مەعرووفیی پشتڕاست کردەوە. ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانیش کاتی ئازادی و گەڕانەوە ناوبراو بۆ ماڵ و پێشوازیی بنەماڵەکەی نیشان دەدەن.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤، بەفرین مەعرووفی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ کرا. ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە چوار مانگ و حەوت ڕۆژ بەندکران سزا درابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم ژنە کوردەیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردبوو. ناوبراو پاش دەسبەسەرکران و کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا و ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

بەفرین مەعرووفی کچی ڕەحمان و لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ە.