ئەسعەد سدیقی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا

05:57 - 19 خەرمانان 2725

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٤، ئەسعەد سدیقی، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز و خەڵکی گوندی "کاومەلە" سەر بە شاری سەقز بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی شەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٤، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەوە بۆ بەندیخانەی سەقز ڕاگوێزرا.

ئەسعەد سدیقی، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئەسعەد سدیقی، پاش دەسبەسەرکران لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانی سەقزەوە و پاش ٥ ڕۆژ بەمەبەستی درێژەی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ڕاگوێزراون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە گوندی "کاومەلە" و دەسبەسەریان کرد.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.