سنە؛ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی چیا ڕەزایی، ڕاهێنەر و قارەمانی ئاسیایی MMA

00:19 - 16 خەرمانان 2725

١٥ی خەرمانانی ١٤٠٤؛ چیا ڕەزایی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە و قارەمانی وەرزشی تێکەڵاوی (MMA) لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤، ئەم وەرزشوانە پاش کۆتاییهاتنی ڕاهێنانی ڕۆژانە و چوونەدەرەوە لە باشگا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییە لیباس شەخسییەکانی ئیتلاعاتی سنەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەسبەسەرکرانی چیا ڕەزایی ناڕوونە. هەروەها سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە لە مافی پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

پێشینەی دەسبەسەرکرانی چیا ڕەزایی؛

چیا ڕەزایی پێشینەی چەند جار بانگکران و دەسبەسەرکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی هەیە.

ناوبراو پێشتریش لە ساڵی ١٤٠١دا و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگە ئەمنییەتییەکاندا ڕاگیرا.

ناوبراو پێشینەی دەسبەسەرکران و بەندکران پێش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشی هەیە.

چیا ڕەزایی؛

چیا ڕەزایی خەڵکی گوندی "باوەرێز" و دانیشتووی سنەیە. ناوبراو قارەمانی ئاسیایی وەرزشی (MMA) و ڕاهێنەری باشگایەک بە ناوی "گلادیاتۆر" لە سنە و باشگای "باوەرێز" لە گوندی "باوەرێز"ـە.