بەندیخانەی شنۆ؛ ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی ڕەحمان تابش، بەندکراوی سیاسیی مەحکوومکراو بە ١٦ مانگ بەندکران و پێشگرتن لە ناردنی بۆ نەخۆشخانە

٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤؛ ڕەحمان تابش بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شنۆ و مەحکوومکراو بە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو کە لەم دواییانەدا بۆ جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کراوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەخۆش کەوتووە و سەرەڕای ڕاسپێردراوی بەپەلە و جیدیی بێهداریی بەندیخانە بۆ ناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە، ئیتلاعاتی سپای شنۆ پێشی بە ڕاگواستنی گرتووە. بێهداریی بەندیخانە تەنیا بە لێدانی دەرزیی هێورکەرەوە بە شێوەی بەردەوام دۆخی ناوبراوی کۆنترۆڵ کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕەحمان تابش لە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤ـەوە، پاش ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی شنۆ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای ١٦ مانگ بەندکران، دۆخی جەستەیی تێک چووە. سەرەڕای ڕاسپێردراوی بێهداری بۆ دەسپێکردنی پێڕاگەیشتنی پزیشکیی پسپۆڕانە لە دەرەوەی بەندیخانە، ئیتلاعاتی سپای شنۆ ئەم داواکارییەی ڕەت کردووەتەوە و مافی وەرگرتنی چارەسەر و ناردنی ناوبراو بۆ دەرەوەی پێشێل کردووە.
ڕەحمان تابش؛
ڕەحمان تابش؛ کوڕی موراد و خەڵکی شنۆیە. ناوبراو سەرجەم لە ساڵی ٩٩ـەوە هەتا ١٤٠٣، دوو دۆسییەی دادوەریی لە دادگای گشتی و ئینقلابی شنۆدا هەبووە. لە دۆسییەی ساڵی ١٣٩٩دا کە بۆ ماوەی ٨ ٢ ڕۆژ لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شنۆ و ورمێدا دەسبەسەر کرابوو، بە ٤ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران؛ و لە دۆسییەی ساڵی ١٤٠٣دا کە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێدا ڕاگیرابوو بە ١٦ مانگ بەندکران سزا دراوە. ناوبراو لە ماوەی ١٠٢ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەکانیدا لەلایەن ئیتلاعات و لە گرتنگە ئەمنییەتییەکاندا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزە و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ڕەحمان تابش، دۆسییەی ساڵی ١٤٠٣؛
ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٣، ڕەحمان تابش بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژانە و بە هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا. دواتر پاش تێپەڕینی ٢٠ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیاانە و بێبەریبوون لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و جاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا.
چەند مانگ دواتر، دادگای گشتی و ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی ئەنساری" ناوبراوی بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرد.
ئەم حوکمە بە ئەگەری زۆرەوە لە بەهاری ١٤٠٤ دەرچووە.
پاش پشتڕاستکرانەوەی حوکمەکە، ڕەحمان تابش لە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کرا.
ڕەحمان تابش، دۆسییەی ساڵی ١٣٩٩؛
ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٩ ڕەحمان تابش لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. پاش ٨٢ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی شنۆ و ورمێدا (٢٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی شنۆ و ٦٢ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ) کە لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٩ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
لە کۆتاییدا خەزەڵوەری ١٣٩٩، دادگای گشتی و ئینقلاب بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مێهدی ڕەزایی" ناوبراوی بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان و تەبانی دژی نیزام" بە سێ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی داسەپاو و بە تۆمەتی "پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆن" بە ٨ مانگ بەندکران مەحکووم کرد، بەپیی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین سزا(سێ ساڵ و ٧ مانگ) بۆ جێبەجێکران دیاری کرا.
ئەم سزایە لە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٩دا بە ڕەحمان تابش ڕاگەیەندرا و لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
ڕۆژی ١٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ ڕەحمان تابش بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کرا.
لە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠دا داواکارییەکەی بۆ ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی بە بڕیاری ئیتلاعاتی شنۆ ڕەت کرایەوە.
١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠یش لە بەندیخانەی نەغەدەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرا. ناوبراو پێشتر سەرەتاکانی بانەمەڕی هەمان ساڵ نێردرابوویە مورەخەسی و پاش کۆتاییهاتنی مورەخەسییەکەی گەڕێندرابوویەوە بەندیخانەی نەغەدە.