سنووری بانه؛ بەهرام میک، کۆڵبەری تەمەن ۳۵ ساڵ بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەقز کرا
23:33 - 10 گەلاوێژ 2725

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤، هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی "نەنوور"ی بانە، تەقەیان لە کۆڵبەرێک بە ناوی "بەهرام میک" کردووە کە بەم هۆیەوە ئەم کۆڵبەرە بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەقز کراوە.
سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپایان وت؛ هێزە نیزامییەکان بە بێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پیشوو تەقەیان لە "بەهرام میک" کردووە. ئەم کۆڵبەرە کاتێ تەقە لێ کراوە هیچ بارێکی پێ نەبووە.
بەهرام میک تەمەن ٣٥ ساڵ، خێزاندارە و دوو منداڵ(کچێک و کوڕێک)ی هەیە. ناوبراو خەڵکی گوندی "میک" سەر بە بەشی سەرشێوی سەقز و دانیشتووی "تەرخاناوا"ی بانەیە.
ناوبراو پاش تەقە، بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەقز کراوە.