ئیلام؛ پژمان بەدری و ئارمان بیگلەری، دوو لاوی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان کوژران

23:29 - 10 گەلاوێژ 2725

٤ی گەلاوێژی ١٤٠٤؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو لاوی کوردی خەڵکی شاری  هلیلان سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی "پژمان بەدری" و "ئارمان بیگلەری" لە کاتی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکاندا بە چەکی کڵاشینکۆف، تەقەیان لێ کرا و گیانیان لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی چوارشەممە یەکی گەلاوێژی ١٤٠٤، کاتژمێر ٩ی شەو، لە پارکی "تەوحید"ی شاری هلیلان، پاش دەرگیرییەک، هێزەکانی گەشتی ئینتیزامی دەستیان کرد بە ڕاوەدوونانی دوو لاوی کورد بە ناوەکانی "پژمان بەدری" و "ئارمان بیگلەری" کە لە سەر ماتۆڕ خەریکی بەجێهیشتنی شوێنەکە بوون و بە بێ هۆشداریدان لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لە سەر و دڵیان کرد و دەسبەجێ گیانیان لەدەست دا. پژمان بەدری دڵی و ئارمان بیگلەری سەری کرابووە ئامانج.

دوابەدوای کوژرانی ئەم دوو لاوە کوردە، پۆلیسی ئیلام لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم دوو کەسە ماتۆڕسوارە پاش هۆشداریدان و فەرمانی ڕاوەستان، بە هۆی تەقەکردن لە هێزە نیزامییەکان بە چەکی "کڵاشینکۆف" بەپێی یاسای بەکارهینانی چەک، کراونەتە ئامانج.

بەڵام چەند سەرچاوەی نزیک لەم دوو لاوە وێڕای ناڕاست ڕاگەیاندنی ئەم ئیدعایە و گێڕانەوەی پۆلیسی ئیلام، دەگێڕنەوە کە پاش دەرگیری و نزیکبوونەوەی هێزە نیزامییەکان لە شوێنەکە، هەموو ئەوانەی لە شوێنەکە بوون، چۆڵیان کرد و پژمان بەدری و ئارمان بیگلەریش خەریکی هەڵهاتن لە شوێنەکە بە ماتۆڕ بوون؛ بەڵام هێزە نیزامییەکان بە ڕاوەدوونان و بە بێ هۆشداریدان تەقەیان لێ کردن؛ سەرەتا یەکێکیان لاقی بریندار بوو و ماتۆڕەکە ڕاوەستا و دواتر هەردووکیان لە مەودای نزیکەوە پاش کەوتن بەسەر زەویدا، کرانە ئامانج و تەقە لە دڵ و سەریان کرا و دەسبەجێ گیانیان لەدەست دا.

لەکاتێکدا کە لە بەیاننامەکەی پۆلیسدا ڕاگەیەندرابوو کە ئەم دوو کەسە چەکیان پێ بووە و تەقەیان لە هێزە نیزامییەکان کردووە؛ سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن ئەم دوو لاوە بۆ وازهێنانی ‌هێزە نیزامییەکان لە ڕاوەدوونان تەنیا تەقەی هەواییان کرد و پاش ئەوەی کە بەسەر زەویدا کەوتن، هێج تەقەیەکیان نەکرد. بەم حاڵەوە لە پشتەوە و لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لێ کرا و کوژران.

تەرمی ئەم دوو لاوە تەمەن ٢٨ و ٢٩ ساڵەیە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرایەوە و ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەیان لە زێدی خۆیان بەڕێوە چوو.