سەقز؛ هیوا ئەمینی و بەهمەن فەیزی بە بەندکران مەحکووم کران

23:14 - 10 گەلاوێژ 2725

هیوا ئەمینی و بەهمەن فەیزی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "موجتەبا غەفاری" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" هەر کامیان بە ١٠ مانگ بەندکران سزا دران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا پێنج مانگ لەم سزایەی بۆ ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەساردووە و پێنج مانگەکەی دیکەشی بە پێبژارنی ١٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی گۆڕیوە.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی: ئەم بڕیارە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەم دوو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە و هیوا ئەمینی بڕیارەکەی قەبووڵ کردووە و بەهمەن فەیزی سەبارەت بە بڕیاری دادگای سەرەتایی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هیوا ئەمینی و بەهمەن فەیزی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکانیان لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەری کراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی شارامفەری سنە ڕاگوێزرابوون و دواتر پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی سەقز کرابوون.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەم دوو هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.