مەریوان؛ ڕەفیق مستەفایی پاش ٢٥ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

13:45 - 5 خەرمانان 2725

٥ی خەرمانانی ١٤٠٤؛ ڕەفیق مستەفایی هاووڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵی خەڵکی مەریوان، پاش ٢٥ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٤، ڕەفیق مستەفایی هاوولاتیی خەڵکی مەریوان، پاش ٢٥ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتەی قورس لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرا. ناوبراو چەند ڕۆژ پێش ئازادی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی مەریوان بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو هەتا قۆناغەکانی جێبەجێکرانی دانانی بارمتە بۆ ئازادیی کاتی جێبەجێ بکرێ.

کوردپا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی هەینی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی مەریوان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی ڕەفیق مستەفایی لە کوورەیەکی دروستکردنی ئاجۆر لە مەریوان و دەسبەسەریان کردووە. ڕەفیق مسستەفایی خەڵکی گوندی "مووسک" و دانیشتووی مەریوان، لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا خەریکی کار بووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناوبراو لە مافی پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە. بەدواداچوونی بنەماڵەی مستەفاییش تاکوو ئێستا بێوڵام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە دانەوەی هەر چەشنە وڵامێک خۆیان دەبوێرن.

هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە ناڕوونە.