شاباد؛ شەهاب دارابی کامیۆنداری ناڕازی لەسەر بنەمای ڕاپۆرت ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە سێ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران سزا درا

19:20 - 4 خەرمانان 2725

٣ی خەرمانانی ١٤٠٤؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شەهاب دارابی، شۆفێری کامیۆن و بلاگێری ناسراو بە "یووزی ئاسیا" و کامیۆنداری ناڕازی و لە بەشدارانی مانگرتنی کامیۆنداران لە سەرەتاکانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە پیرۆزییەکان" و "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی" بە سێ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.

شەهاب دارابی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە لاپەرەی ئینستاگرامەکەی خۆی ڕایگەیاندووە؛ بەپێێ دادنامەیەک بە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی شابادەوە بە سەرۆکایەتیی "سەیدعەلی حاتەم‌زادە" بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ٥١٣ و ٦٩٨ی یاسای سزای ئیسلامی، سەبارەت بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی" بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە و سەبارەت بە تۆمەتی "بێڕێزی بە پیرۆزییەکان" بە سێ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە کە بە لەبەرچاوگرتنی بەندەکانی (ب و ث)ی بڕگەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، زۆرترین سزاکە (سێ ساڵ و یەک ڕۆژ) دەبێ جێبەجێ بکرێ.

بەپێی شیکاریی دادنامەکەی شەهاب دارابی؛ ئەم بڕیارە بەپێی دۆسییەی داواکاریی پێڕاگەیشتنی دەرچوو لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی شابادەوە کە لە ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ پێک هاتووە، دەرچووە. هەروەها بنەمای تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم کامیۆندارە ناڕازییە بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پارێزگای کرماشان و ئیتلاعاتی شاری شاباد ئامادە کراوە. بەم پێیە دادگا ئیدعای کردووە لە شەهاب دارابی "لە ڕێگەی لاپەڕەکانی ئینستاگرامی خۆیەوە جگە لە بڵاوکردنەوەی بانگەواز بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنی سەرتاسەریی کامیۆنداران لە وڵات و بانگهێشتکردنیان بۆ کردەوەی توندوتیژانە و بشێوی دژی ئەو شۆفێرانەی کە بەشدارییان لە مانگرتنکەدا نەکردووە، هەوڵی بڵاوکردنەوەی فیلم و وێنەی داوە کە ئەمانە بوونەتە هۆی تێکدانی ڕای گشتی و بێڕێزیی بە ئیمامزادەکان" کردووە.

ئەم بڕیارە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لەو ڕۆژەوە کە ڕاگەیەندراوە، ئەتوانێ داوای پێڕاگەیشتنی دووبارەی هەر لەم لقەدا بۆ بکرێ و پاش ئەوەش بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە دادگای پێداچوونەوەشدا دەکرێ داوای پێداچوونەوەی بۆ بکرێ.

 ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤، شەهاب دارابی، بە هۆی پەیوەستبوون بە مانگرتنی کامیۆنداران و پشتیوانی لە مانگرتنەکان لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا، دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی کاتی دەسبەسەرکرانی شەهاب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هێزە لیباس شەخسییە چەکدارەکان بە چەکی کڵاشینکۆفەوە دەبینرێن کە هەوڵی دەسبەسەرکردنی دەدەن.

دوابەدوای دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی شەهاب، ڤیدیۆگەلێک لە هاوار و مافخوازیی دایکی بڵاو کرایەوە کە دەڵێ؛ خەڵکینە یارمەتی بدەن، کەسانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر ماڵەکەمان و کەلوپەلەکەیان تێک داین و کۆڕەکەیان دەسبەسەر کردم.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٤، شەهاب دارابی پاش یەک حەفتە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

شەهاب دارابی، کوڕی ڕەحمەت، تەمەن ۴۹ ساڵ و خەڵکی شابادە. ناوبراو بلاگێرە و لاپەڕەیەکی ئینستاگرامی بە ناوی "یووزی ئاسیا"ی هەیە. ناوبراو پێش دەسبەسەرکران دوو لاپەڕەی ئینستاگرامیی هەبوو کە سەرەتا بەردەست نەمان و دواتر خۆشی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. ناوبراو پاش ئازادبوون لاپەڕەیەکی نوێی دانایەوە.