بەندیخانەی مەهاباد؛ مەنسوور ڕەحیمی، چالاکی کرێکاری و وێنەگر، پاش ١٧ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە جەستەیەکی ئەشکەنجەدراو، بۆ بەندیخانە ڕاگوێزرا و لە مافی کەفالەت و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەری کرا

23:03 - 10 گەلاوێژ 2725

٩ی گەلاوژی ١٤٠٤؛ مەنسوور ڕەحیمی، چالاکی کرێکاری و وێنەگری کۆمەڵایەتیی تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی مەهاباد، پاش ١٧ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان، لەکاتێکدا کە بە توندی ئەشکەنجە درابوو، بە بێ تێگەیاندنی لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکەی و بە بێ مافی دانانی بارمتە یان کەفیل، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد کرا. ناوبراو جگە لەوەی کە بە سەختی ئەشکەنجە دراوە و زیانی جەستەیی پێ گەیشتووە، لە مافی پێڕاگەیشتنی پزیشکیش بێبەری کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، مەنسوور ڕەحیمی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤م لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزرا و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج ڕۆژ، هیشتا لە ئازادیی کاتی بە دانانی بارمتە یان کەفیل بێبەری کراوە و لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکەی ئاگادار نییە. هەروەها ئاسەواری توندوتیژی و ئەشکەنجە لەسەر جەستەی دەبینرێت و بەپێی زانیارییەکان شانی ئازاری بەرکەوتووە و سەرەڕای ئەمەش لە مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەری کراوە.

ئەم سەرچاوەیە جەخت دەکاتەوە کە بە هۆی دیاربوونی ئاسەواری ئەشکەنجە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بۆ ماوەیەک لە بەندیخانەی مەهاباد ڕاگرتووە تاکو ئاسەواری لێدانەکە کەم ببێتەو و دواتر بۆ تێگەیاندنی لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکەی ڕەوانەی دادگای بکەن.

پێویستە بوترێ؛ ئەم چالاکە کرێکاری و وێنەگرە کۆمەڵایەتییە لە ماوەی ١٧ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، وڵامێکیان پێ نەداونەتەوە.

دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی مەنسوور ڕەحیمی؛

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات بە بێ بەڵگەی یاسایی لە گوندی "خوڕخوڕە" سەر بە شاری مەهاباد، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست. لەم هێرشەدا، هەموو کەلوپەلە ئێلێکترۆنییەکانی مەنسوور و ئەندامانی بنەماڵەکەی بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەردا گیرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی مەنسوور ڕەحیمی ناڕوونن.

ناوبراو پێشتر لە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤دا بە هۆی پشتیوانی لە کۆبوونەوەی وەرزێڕانی خەساربەرکەوتوو بە هۆی تەرزەوە، لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگ و هەڕەشەی لێ کرابوو. ناوبراو لەو کاتەدا هەواڵی ناڕەزایەتییەکانی وەرزێڕانی مەهابادی بە میدیایی کردبوو.