حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی کوردی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە بە شەش مانگ بەندکران سزا درا

21:45 - 3 خەرمانان 2725

حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ورمێ لەلایەن لقی ٢٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێوە بە شەش مانگ بەندکران سزا درا و ئەم بڕیارە لە ڕۆژی ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، ساریخانلوو جێگری دادستانی گشتی و ئینقلابی ورمێ بە نیسبەت بڕیاری دادگای سەرەتایی ئەم چالاکە کوردە ناڕەزایەتیی دەربڕی و پاش ڕادەستکردنی دۆسییەکە بۆ دادگای پێداچوونەوە، سزای بەندکرانی ئەم چالاکە مەدەنییە بۆ شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو گۆڕدرا.

پێشتر، حەمید چەپاتی لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شاهینی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی ئەو چالاکە مەدەنییە لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو بوو و لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندان حوکمی دادگای سەرەتایی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی ورمێ، پاش تێگەیاندنی لە تۆمەتی وەپاڵدراو، لە بەشی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم چالاکە مەدەنییە پاش بانگکران بۆ پۆلیسی ئەمنییەت بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی ڕەخنەگرانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەسبەسەر کرا.