مەهاباد؛ پووریا نەسیری بە سێ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درا

21:35 - 3 خەرمانان 2725

پووریا نەسیری، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی یاسای زانکۆی ئازادی مەهاباد لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سێ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی دوو ساڵ مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم خوێندکارە کوردە لە گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٤، لە دادگای ئینقلابی مەهاباد بەڕێوە چوو و دادگا ناوبراوی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان لە شەقامەکانی مەهاباددا دەسبەسەر کردووە و پاش ١٩ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتیی ناوبراو، لە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرابوو.

پووریا نەسیری ڕۆژی دووشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ش، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.