داوای پێداچوونەوەی دووبارەی ماشەڵڵا کەرەمی بۆ دووهەمین جار لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە

بۆ دووهەمین جار داواکاریی پێداچوونەوەی دووبارەی ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی ناڕازیی لەسێدارەدراوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی محەممەدمێهدی (کۆمار) کەرەمی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە.
شەهلا ئەرووجی، پارێزەری ماشەڵڵا کەرەمی بە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەی تاکەکەسیی خۆیدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "داواکاریی دووهەمی ماشەڵڵا کەرەمی بۆ پێداچوونەوەی دووبارەی دۆسییەکەی ڕەت کراوەتەوە."
بەفرانباری ١٤٠٣، یەکەمین داواکاریی پێداچوونەوەی ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرابوویەوە.
ماشەڵڵا کەرەمی، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی نەزەرئابادی کەرەجەوە بە تۆمەتەکانی "دەستخستنی سامان بەشێوەی ناڕەوا" و "بەشداری لە سپیکردنەوەی پارە" سەرجەم بە ٨ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکران، پێبژاردنی یەک میلیارد و ٩٢٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی و دەستداکگرتن بەسەر سامانەکەیدا مەحکووم کرا و ئەم سزایە ڕۆژی شەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٣، بە ماشەڵڵا کەرەمی و پارێزەرەکانی ڕاگەیەندرا.
کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ماشەڵڵا کەرەمی، خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣ لە لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی نەزەرئابادی کەرەج بەڕێوە چووبوو.
ماشەڵڵا کەرەمی لە دۆسییەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کەرەجەوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران سزا دراوە و ئەم سزایە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٣، بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ماشەڵڵا کەرەمی لە ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کەرەج بەڕێوە چوو و دادگا گۆڕینی ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتی بەپێی قەراری تەئمین و ئازادیی کاتیی ناوبراوی ڕەت کردەوە.
ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی (کۆمار) کەرەمی، خۆپیشاندەری لەسێدارەدراو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا هەموو کەلوپەلە یێلکترۆنییەکانیان لێ وەرگرت و کارتی بانکیی بنەماڵەکەشیان بلۆک کرد.
ماشەڵڵا کەرەمی لە ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا لە گرتنگەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش سێ مانگ دەسبەسەرکران لە دابڕگەوە بۆ بەندی ١٥ی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا.
محەممەدمێهدی کەرەمی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ، لە ڕەوتی ڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە خەزەڵوەری ١٤٠١، دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک بە ناوی "ڕۆحوڵڵا عەجەمیان"، لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی بە "افساد فیالارض لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات" مەحکووم و ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١، حوکمی لەسێدارەدرانەکەی بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.