ئیلام؛ کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی مووسا ئومیدی بەڕێوە چوو

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەێشتن بە تۆمەتەکانی مووسا ئومیدی، چالاکی سیاسی و بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد لە پارێزگای ئیلام لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلام بەڕێوە چوو.
لە ڕەوتی کۆبوونەوەی دادگادا، ناوبراو سەبارەت بە تۆمەتی وەپاڵدراوی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" بەرگریی لە خۆی کردووە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤، مووسا ئومیدی، بە تۆمەتەکانی "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" و "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" بانگی لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیلام کرا.
ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٤،هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم چالاکە سیاسییە و دەسبەسەریان کرد.
هێزە ئەمنییەتییەکان هەندێ کەلوپەلی کەسی ناوبراو لەوانە لەپتاب، مۆبایل و کتێبەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١، ئەم چالاکە سیاسییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپەکان یان ڕێکخراوەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بانگی دادسەرای ئیلام کرابوو.