ورمێ؛ ئەمین کەریمی پاش ٥١ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

20:38 - 3 خەرمانان 2725

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ئەمین کەریمی ناسراو بە "ئەمینۆ"، هونەرمەند و ئەکتەری تێئاتری خەڵکی ورمێ پاش ٥١ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ئەم هونەرمەندە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەمین کەریمی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش مانگێک لیپرسینەوە ئازاد کرابوو.

لەم دواییانەدا زنجیرەی "تاژدین و ئەمینە" بە دەرهێنەریی ئەمین کەریمی، لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئەمین کەریمی لە کاتی گەڕانەوە لە تورکیە لە سنووری "سێرۆ"ی ورمێ لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان لە دژی ناوبراو، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.