ماوەی سزای عەبدوڵڵا شەریفزادە، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز کۆتایی پێ هات

ڕۆژی شەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ماوەی سزای بەندکرانی عەبدوڵڵا شەریفزادە، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز کە بۆ پێبەندی ئێلێکترۆنیکی گۆڕدرابوو، کۆتایی پێ هات.
ئەم بەندکراوە پاش تێپەڕاندنی سێ مانگ لە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی سەقز، لەژێر چاوەدێڕیی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا ئازاد کرابوو.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم ئەندامەی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سەقز کرا.
ئەم ئەندامەی گرووپی شاخەوانیی هەڵۆی سەقز، بە بێ بەشداریی خۆی لە دادگادا، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد مستەفایی" بە ١٠ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.
دادگا، ئەم چالاکەی بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ئیدارەی ئیتلاعات، بە "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە قازانجی حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.
کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ بەڕێوە چوو و دواتر ئەم سزایە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.
عەبدوڵڵا شەریفزادە، زستانی ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ڕۆژێک دەسبەسەرکران، بە کەفالەت و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.