ناسر ئەحمەدزادە بە مەبەستی جێبەجێکرانی ماوەی بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا

23:54 - 27 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی شەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ناسر ئەحمەدزادە، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.

ئەم بەندکراوە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٣٩ مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرابوو و ئەم سزایە پاش قەبووڵکرانی لەلایەن ناوبراوەوە بۆ ١٥ مانگ بەندکراوی داسەپاو گۆڕدرا.

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، ناسر ئەحمەدزادە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنیەتییەکانەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزراوە و بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، کاتژمێر ٢ی سەرلەبەیانی، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە گەڕەکی "کانی سۆفی ڕەشید"ی مەهاباد و دەسبەسەریان کرد.

ناسر ئەحمەدزادە تەمەنی ٣٣ ساڵە، خێزاندارە و منداڵی هەیە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرابوو.