سەقز؛ ڕەحمان ڕەحیمپوور بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە بەندکران و پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کرا

23:45 - 27 گەلاوێژ 2725

ڕەحمان ڕەحیمپوور، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە پێنج مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی دوو ساڵ و پێبژاردنی ١٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بڕیارە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ڕەحمان ڕەحیمپوور ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، ئەم بەندکراوە سیاسییە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی شارامفەری سنە کرابوو و پاش کۆتاییهانتی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی سەقز ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ڕەحمان ڕەحیمپوور، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٩٩، ڕەحمان ڕەحیمپوور لە پارکی لالەی سەقز بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

سەرماوەزی ١٣٩٩، ناوبراو بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام بە قازانجی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە ١٠ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سەقز کرابوو و سەرماوەزی هەمان ساڵ پاش کۆتاییهاتنی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرابوو.