بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی محەممەدوڵڵا ڕەزایی

23:36 - 27 گەلاوێژ 2725

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەک بە ناوی محەممەدوڵڵا ڕەزایی، خەڵکی سنە و دانیشتووی دێولان، سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانییەوە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: بنەماڵەی محەممەدوڵڵا ڕەزایی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە دۆخی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندە ئەمنیەتی و دادوەرییەکانیان کردووە بەڵام وڵامێكی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە.

ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کرد و دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی ناوبراویشدا گرت.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.