کامێران؛ ڕامین گورگانی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ڕامین گورگانی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی کامێران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە یەکێک لە شەقامەکانی کامێران دەسبەسەر کردووە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی ناوبراودا گرتووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ڕامین گورگانی، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند حەفتە دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی کامێرانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە شەش مانگ بەندکران سزا درا و ئەم سزایە دواتر بۆ پێبژاردنی نەختی گۆڕدرا.