بانە؛ سامان کەریمی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی مەحکووم بە سێدارە بە دانانی بارمتەی پێنج میلیارد تمەنی و بۆ شێوەی کاتی ئازاد کرا

ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤، سامان کەریمی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی مەحکووم بە سێدارە بە دانانی بارمتەی پێنج میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی بانە ئازاد کرا.
ئەم بەندکراوە ساسییە سەرەتاکانی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٤، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی بانەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا و هاوسەرەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سەقز کرا.
ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤، سامان کەریمی و هاوسەرەکەی فەرزانە ڕەشیدی، بە شێوەی توندوتیژانە و سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە سامان کەریمییان لە یەکێک لە شەقامەکانی بانە دەسبەسەر کرد و دواتر هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و پاش پشکنینی ماڵەکەی، هاوسەەکەی فەرزانە ڕەشیدییان دەسبەسەر کرد کە خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری بانەیە.
هێزە ئەمنییەتییەکان هەروەها دەستیان بەسەر کەلوپەلی تاکەکەسیی ئەم ژن و مێردەدا گرتووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم ژن و مێردەی خەڵکی بانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
چاوخشاندنێک بەسەر دۆسییەی پێشووی سامان کەریمی، بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە؛
پێشتر کوردپا لە چەند ڕاپۆرتی تێروتەسەلدا بڵاوی کردبووەوە کە سامان کەریمی، لە خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لە تەپەی "سلێمان بەگـ"ـی بانە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا، دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی قەرارگای شارامفەری سنە کرابوو. دواتر و پاش تێپەڕبوونی سێ مانگ لە دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە گرتنگەی قەرارگای شارامفەری سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابو و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٨دا لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگەی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" دادگایی کرابوو و لە ١٣ی سەرماوەزی هەمان ساڵدا سزای سێدارە و ١١ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی پێ ڕاگەیەندرابوو.
لە درێژەدا دۆسییەی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ١١ی بەفرانباری ١٣٩٨دا ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات کرابوو و سزای سێدارەکەی بە هۆی ناتەوابوونی لێکۆڵینەوەکان لە لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵاتدا لە قوم هەڵوەشابوویەوە و دۆسییەکەی بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی ئەو دادگایە کرابوو کە سزاکەی دەرکردبوو.
لە درێژەی هەڵوەشانەوەی ئەم سزایەدا، لە ١٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٩دا سامان کەریمی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرابوو.
لە پووشپەڕی ١٤٠٠دا، لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە بەسەر سامان کەریمی زیندانییە سیاسیی پێشووی خەڵکی بانەی بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە ئامانجی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ٤ ساڵ زیندان، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٤ ساڵ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بە ١ ساڵ زیندان، مەحکووم کردبوو کە ئەم سزایە لە ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠دا بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.
بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوەی ١٣٩٢، دەبایە توندترین سزا واتا ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ ئەو زیندانییە سیاسییە جێبەجێ کرابایە کە بە هۆی دەسبەسەرکرانەکانی پێشووی لە کاتی دەسبەسەرکران هەتا ئازادیی کاتی ئەم ماوە وەکوو ماوەی بەندکران لەبەرچاو گیرا.