گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ؛ ٣٤ ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووسی سامان کاکەمەمی و نیگەرانییەکان سەبارەت بە تەندروستیی ناوبراو بە هۆی گیرۆدەبوونی بە نەخۆشیی شەکرە

٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤؛ سامان کاکەمەمی، چالاکی مەدەنی و هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە زیاتر لە ٣٤ ڕۆژە دەسبەسەر کراوە و لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ چارەنووسی ناڕوونە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و بە هۆی گیرۆدەبوونی بە نەخۆشیی شەکرە، بنەماڵەکەی نیگەرانی دۆخی تەندروستیی کوڕەکەیانن.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سامان کاکەمەمی لە ڕۆژی ٥ی پوشپەڕی ١٤٠٤دا بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە. لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هیچ ناوەندێک وڵامدەری شوێنی ڕاگرتن یان دۆخی ناوبراو نەبووە. بنەماڵەکەی لەم ماوەیەدا سەردانی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانیان کردووە، بەڵام هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە منداڵەکەیان دەست نەکەوتووە. ئەم ناڕوونییە ڕەهایەی چارەنووسی سامان و گیرۆدەبوونی بە نەخۆشیی شەکرە، مەترسیی جیددی بۆ سەر گیانی دروست کردووە و بنەماڵەکەی لەمبارەوە زۆر نیگەرانن.
ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری نەغەدەوە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەنێو شاردا دەسبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.
سامان کاکەمەمی، هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە، لە چالاکانی مەدەنیی ئەم شارەیە و دەرچووی قۆناغی کارناسیی باڵای کۆمەڵانسی لە زانکۆی تارانە.
تووشبوونی ناوبراو بە نەخۆشیی شەکرە نیگەرانیی بنەماڵەکەی بە نیسبەت دۆخی تەندروستیی کوڕەکەیان چەند قات کردووە.
پێویستە بوترێ کە لە ڕۆژانی ٣ و ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا، شەس هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە بە ناوەکانی ئەمین باشۆکی، کاوە قادری، ڕەحمان خاڵخانی، فەرهاد کەریمی، سامان کاکەمەمی و سامان سەیدمەحموودیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سامان هیچ زانیارییەک دەست نەکەوتووە.