شنۆ؛ هێرشی شەوانە بۆ سەر گوندی "باڵاگیر" و دەسبەسەرکردنی ئەبوبەکر عوقابی پاش ئامادەبوون لە ئیتلاعات

19:41 - 18 گەلاوێژ 2725

١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٤؛ ڕۆژی ڕابردوو، "ئەبووەکر عوقابی" هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "باڵاگیر" سەر بە شاری شنۆ، پاش ئامادەبوون لە ئیتلاعات بۆ بەدواداچوون بۆ بەڵگەکانی پێناسی خۆی دوابەدوای هێرشی شەوانەی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر گوندەکە، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات بە دروستکردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن لە گوندی "باڵاگیر" لە دەرگای چەند ماڵیان داوە. کاتێ کە چوونەتە ماڵی "ئەبوبەکر عوقابی"، بە بێ بەڵگەی یاسایی، بەڵگەی پێناسی ناوبراو لەوانە پاسپۆرت و کارتی میللییەکەیان بردووە.

"ئەبووبەکر عوقابی" دواتر بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ وەرگرتنەوەی بەڵگەکانی سەردانی ئیتلاعاتی شنۆ دەکات و ئیتر ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و دەسبەسەر دەکرێ.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ کە پاش ئامادەبوونی ئەبووبەکر عوقابی لە ئیتلاعات، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و دەسسبەسەرکرانیشی بە بێ بەڵگەی یاسایی بوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران، ئامانجی ‌هێزە ئەمنییەتییەکان لە دروستکردنی کەشی ترساندن لە گوندی "باڵاگیر" و هەروەها دەستداگرتن بەسەر کەرەستە کەسییەکانی ناوبراو، ڕوون نەبووەتەوە.