مەریوان؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی ڕەفیق مستەفایی دوای تێپەڕبوونی ٥ ڕۆژ

١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "ڕەفیق مستەفایی" هاووڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵی خەڵکی مەریوان، هێشتا سەبارەت بە چارەنووس یان شوێنی راگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی هەینی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی مەریوان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی ڕەفیق مستەفایی لە کوورەیەکی دروستکردنی ئاجۆر لە مەریوان و دەسبەسەریان کردووە. ڕەفیق مسستەفایی خەڵکی گوندی "مووسک" و دانیشتووی مەریوان، لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا خەریکی کار بووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناوبراو لە مافی پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە. بەدواداچوونی بنەماڵەی مستەفاییش تاکوو ئێستا بێوڵام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە دانەوەی هەر چەشنە وڵامێک خۆیان دەبوێرن.
هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە ناڕوونە.